ئەنجومەنی وەزیران پێشنیازێكی وەزارەتی خوێندنی باڵا سەبارەت بەزانكۆكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان پەسند دەكات

وەزارەت

عەباس ئەکرەم وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان، پێشنیازێکى وەزارەتى خوێندنى باڵا سەبارەت بە زانکۆکانى ناوچە کوردستانیەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێمى کوردستان پەسەند دەکات.

عەباس ئەکرەم ڕایگەیاند: دواى بە دواى نوسراوى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بە ژمارە (٧٦٦٤) لە ڕێکەوتى (١٠/٩/٢٠٢٠) تایبەت بە دانپێدانان و چارەسەرکردنى پرسى زانکۆکانى ناوچە کوردستانیەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێمى کوردستان کە تێیدا وەزارەتى خوێندنى باڵا پێشنیازى کردبو بۆ ئەنجومەنى وەزیران، ئەو خوێندکار و قوتابیانەى تاکو ساڵى خوێندنى (٢٠١٤-٢٠١٥) لەم زانکۆیانە وەرگیراون دان بە بڕوانامەکانیان بنرێت و ڕاستاندنیان بۆ بکرێت، سەرەنجام ئەمڕۆ سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران بە نوسراوى ژمارە (٥٣٧٨) پێشنیازەکەى وەزارەتەکەمانى پەسەندکرد.

وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕاشیگەیاند: لەخاڵى دوەمى نوسراوەکەى ئەنجومەنى وەزیران پێشنیازێکى دیکەى وەزارەتەکەمان پەسەندکراوە بۆ ئەوانەى لە دواى ساڵى (٢٠١٤-٢٠١٥) وەرگیراون، بۆ ئەمەش وەزارەتەکەمان لەگەڵ وەزارەتى خوێندنى باڵاى عێراق دیراسەى ئەم بابەتە دەکات بۆ دۆزینەوەى چارەسەرێکى گونجاو.

عەباس ئەکرەم وتیشى: بەناوى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پیرۆزباى لە دەرچوان دەکەین و ئومێدەوارین لە بوار و پسپۆڕیەکەیاندا خزمەت بە گەل و نیشتیمانەکەمان بکەن، لە هەمان کاتیشدا دڵنیایى دەدەین بە وەرگیراوانى دواى ساڵى (٢٠١٤-٢٠١٥) کە وەزارتەکەمان هەوڵ دەدات لەگەڵ وەزارەتى خوێندنى باڵاى عێراق دەست بکات بە گفتوگۆ بۆ ئەوەى چارەسەرى گونجاو بۆ وەرگیراوانى تر بدۆزێتەوە.